کۆرۆنا چیە و لە بەرانبەری دا چیم لە دەست دێت؟

کۆرۆناڤایرۆس یان کۆرۆنا شتێکی زۆر بچووکە (ئەوەندە بچووک کە بە چاو نابیندرێت) بەڵام دەتوانێت بڵاو ببێتەوە و ببێتە هۆی نەخۆش‌کەوتنی خەڵک. نیشانەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا هاوشێوەی نیشانەکانی ئەنفلۆنزان وەک کۆکەی وشک، هەناسەتەنگی، تا/یاو، و ئێشی جەستە. کۆرۆنا بەزۆری لەسەر کۆئەندامی هەناسە کاریگەر دەبێت. هەرچەند لە زۆربەی خەڵک دا تووشبوون بەم ڤایرۆسە مەترسیدار نیە، بەڵام لە حاڵەتە قورسەکان دا دەتوانێت ببێتە هۆی سینەپاڵوو/نۆمۆنیا (کە جۆرێک هەوکردنی گرانی سیە) و لە ئاکام دا دەتوانێت مەرگبار بێت.

هەمووکەسێک ڕەنگە تووشی کۆرۆنا ببیت، بەڵام لە کەسانی پیر و ئەو کەسانە دا کە نەخۆشیی تریان هەیە، بۆ نموونە نەخۆشیی هەناسە، شێرپەنجە یان شەکرە، مەترسیی ئەوەی کە کۆرۆنا کاریگەریی قورستری هەبێت زۆرترە.

ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کەسی تووشبووەوە دەگوازرێتەوە بۆ کەسێکی تر، لەڕێگەی ئەو وردەدڵۆپانەی کە لە کاتی هەناسەکێشان، کۆکین یان پژمین بڵاو دەبنەوە بۆ سەر خەڵکی تر، رووبەرەکان یان خۆراک. ڤایرۆسەکە لەڕێگەی دەم و لووت و چاوەوە دەچێتە نێو جەستەی مرۆڤ. دوای ئەوەی کە چووە نێو جەستە، ژمارەی زۆرتر دەبێت و بە بەشەکانی تری لەش دا بڵاو دەبێتەوە. کۆرۆنا دەتوانێت بۆ ماوەی 14 ڕۆژ لە جەستە دا بە نهێنی بمێنێتەوە، ئینجا نیشانەکانی نەخۆشی دەربکەوێت. لەبەر ئەمە، ڕەنگە خەڵک تووشی کۆرۆنا ببن، و ڤایرۆسەکە بگوازنەوە بۆ کەسانی تر بێ ئەوەی خۆیان بزانن.

ئەنتی‌بایۆتیک یان دەرمانی خۆماڵی کۆرۆنا ناکوژێت. تەنیا بەخۆپاراستن و زوو زوو شۆردنی دەست دەتوانین ڕێگە لە تووشبوون بەم ڤایرۆسە و بڵاوبوونەوەی بگرین.

بۆ ڕێگرتن لە تووشبوون، دەستت بە ئاو و سابوون بشۆ. تەنانەت ئەگەر دەستیشت بە ڕوواڵەت خاوێنە، دیسان هەر بە ئاو و سابوون بیشۆ. ماوەی 20 خولەک بە ئاوی ڕەوان و سابوون بیشۆ. باش ژیر نینۆکەکان بساوە و سابوون بدە لە هەموو دەست و مچەکەت. شۆردنی دەست بە ئاو و سابوون ئەو ڤایرۆسەی کە ڕەنگە لەسەر دەست بێت دەکوژێت. هەمیشە پێش ئامادەکردنی خۆراک، لە کاتی ئامادەکردن و دوای ئەوە، لەدوای بەکارهێنانی توالێت، بەرلە نانخواردن، لە کاتی پەرستاری‌کردن لە نەخۆش، دوای دەستدان لە ئاژەڵ و پاشماوەی ئاژەڵ، و هەروەها دوای کۆکین، پژمین، یان سڕینی لووت دەستت بشۆ.

بەرلەوەی دەست بدەیت لە چاو و لووت و دەمت، دەستت بشۆ. مرۆڤ دەست دەدات لە زۆر شت و لەوانەیە ڤایرۆس بلکێتە دەستەوە. دەست دوای ئالوودەبوون بە ڤایرۆس، دەیگوازێتەوە بۆ چاو یان لووت یان دەم. لەوێوە ڤایرۆسەکە دەتوانێت بچێتە نێو لەشی مرۆڤ و نەخۆشی بخات.

زۆر گرنگە کە دووری بکەیت لە هەرکەسێک کە تا/یاوی هەیە و دەکۆکێت یان کێشەی دیگەی هەناسەی هەیە. لە کاتی کۆکین یان پژمین، هەمیشە بە ئەنیشکت یان بە کلینێکس بەر دەم و لووتت بگرە. دوای ئەوە، دەستبەجێ دەستماڵەکە بخە نێو زبڵدان. لە نێو خەڵک و لە دەرەوە تف مەکەوە.

لانیکەم 1 میتر (3 فووت) مەودا لە نێوان خۆت و کەسێک کە دەکۆکێت یان دەپژمێت بپارێزە. نزیک مەبەوە لە کەسێک کە تا/یاوی هەیە و دەکۆکێت.

ئەگەر پێویستە پەرستاری بکەیت لە کەسێک کە تا/یاوی هەیە، دەکۆکێک و هەناسەتەنگە، لە بیرت نەچێت، ماسکی پاراستن یان ماسکی ئاسایی بە کار بهێنە و بەتایبەت هەمیشە دەستت پاک و خاوێن بپارێزە.

بۆ ڕێگرتن لە تووشبوون بە کۆرۆنا، بێمەترسی‌ترین ڕێگە ئەوەیە کە دووری بکەیت لە کەسانی تر. کۆرۆنا و ڤایرۆسەکانی تر دەکرێ لە ڕێگەی دەستلێدانەوە/تەوقەکردن و پاشان دەستدان لە چاو و لووت و دەم بگوازرێنەوە. لەبەر ئەمە، لە کاتی چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسانی تر، لەگەڵیان دەست لێ مەدەوە، باوشیان پێدا مەکە و ماچیان مەکە. بە جێگەی ئەم کارانە، دەتوانیت بە دەست تەکاندان، سەر تەکاندان یان کڕنووش لەگەڵیان چاک و چۆنی بکەیت. ئەگەر پێت‌وایە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ناوچەکەتان بڵاو بووەتەوە، لە ماڵەوە بمێنەوە بۆ ئەوەی لە کەسانی تر نزیک نەبیتەوە.

ئەگەر هەستت بە ناساخی کرد، تەنانەت ئەگەر هەندێ نیشانەی مڵایمت هەبوو، وەک سەرئێشە و تۆزێک ئاوەزابوونی لووت، لە ماڵەوە بمێنەوە هەتا چاک دەبیتەوە. ئەگەر دەپژمیت، کۆکەی وشکت هەیە، هەناسەتەنگی و تا/یاوت هەیە، زوو داوای یارمەتیی پزیشکی بکە، چونکە لەوانەیە ئەمە نیشانەی هەوکردنی کۆئەندامی هەناسە یان حاڵەتێکی جددیی دیکە بێت.

باوەڕی هەڵە و دەنگۆ و وتەوت لەبارەی کۆرۆنا دەتوانێت زۆر مەترسیدار بێت و تەنانەت خەڵک بکوژێت. بۆ نموونە، خواردنەوەی هەندێ مادەی وەک بلیچ/سپیکەرەوە یان کهۆل نە تەنیا بەری کۆرۆنا ناگرێت بەڵکوو زیان بە جەستەی مرۆڤیش دەگەیەنێت. تەنیا گوێ بگرە لەو ئامۆژگاریە دروستانەی کە دەسەڵاتی تەندروستیی ناوچەکەتان بۆ پاراستنی تەندروستیی گشتی بڵاویان دەکاتەوە.

دەتوانیت بە بڵاوکردنەوەی ئەم پەیامە، لە جەنگی دژی کۆرۆنا دا یارمەتیدەر بیت. تکایە لەڕێگەی بەرنامەیەکی پەیامناردن وەک «واتس‌ئەپ» ئەم پەیامە بنێرە بۆ هاوڕێکانت و ئەندامانی خێزانەکەت.

ئەم ناوەرۆکە لەلایەن Audiopedia ـەوە پێشکەش کراوە، کە پڕۆژەیەکی جیهانیە بۆ ئەوەی زانیاریە تەندروستیەکان بکرێنە دەنگ. بۆ زانیاری زیاتر سەردانی ئەم ماڵپەڕە بکە: www.audiopedia.org